شار - ئاوینه : ژیانو بیرەوەرییەكانی تاڵەبانی بەكوردی بڵاودەكرێتەوە
ژیانو بیرەوەرییەكانی تاڵەبانی بەكوردی بڵاودەكرێتەوە
بارزانی بۆ نووسەری كتێبەكە: ئەوەی ڕاستە بینووسەو ترست لەكەس نەبێت
شارپرێس:
بەرگی یەكەمی كتێبی (دوای شەست ساڵ، ژیانو بیرەوەرییەكانی جەلال تاڵەبانی) بەم زووانە بەزمانی كوردی بڵاودەكرێتەوە، كە تێیدا جگە لەباسكردن لەژیانی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوكات چەندین ڕووداوی مێژویی كوردستانی عێراق باسدەكات دەكات كە "بۆیەكەمجارە" باسدەكرێن.
كتێبەكە لەلایەن (عیرفان قانعی فەرد)ەوە نووسراوەو لەحەوت بەش پێكهاتووەو نزیكەی (980) سەرچاوەی تێدا بەكارهێنراوە كە "بەشێكیان بەڵگەنامەن" هاوكات نووسەری كتێبەكە نزیكەی (500) كەسایەتی ناوخۆییو بیانی لەدۆستو لایەنگرو نەیاری تاڵەبانی بینیوەو بۆ نووسینی كتێبەكەی دیداری لەگەڵدا ئەنجامداون.
ئەو كتێبە باس لەچەندین ڕووداوی مێژویی دەكات كە بەوتەی نووسەری كتێبەكە هەندێكیان بۆیەكەمجارە قسەیان لەبارەوەدەكرێت "كێشەو ئاڵۆزییەكانی نێوان قازی محەمەدو مەلا مستەفای بارزانو ناڕازیبوونی قازی محەمەد لەدروستكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان سەرۆكی پارتیو باڵی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە، دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلول بەپشتگیریو فەرمانی شای ئێران"و چەندین ڕووداوی دیكە.
لەدوای بڵاوكردنەوەی چاپی فارسی كتێبەكەو ئەنجامدانی چەندین دیداری رۆژنامەنووسیی لەگەڵ نووسەری كتێبەكە لەلایەن میدیاكانەوە، ئەندامو بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان هێرشی توندیان كردە سەر نووسەری ئەو كتێبەو بە"بەكرێگیراو و دژی خەباتی كورد" تۆمەتباریان كرد.
لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ شارپرێس عیرفان قانعی فەرد، وتی "باخەڵك كاری بەسەر نووسەری كتێبەكەوە نەبێت گریمان من مردم، باكتێبەكە بخوێندرێتەوەو هەڵبسەنگێندرێت، نەك من".
قانعی فەرد لەپێشكییەكەی خۆیدا كە بۆ كتێبەكەی نووسیوە دەڵێت "سەردانی مەسعود بارزانی كردووەو بارزانی پێیوتووە، ئەوەی ڕاستە بینووسەو ترست لەكەس نەبێت".
لەسەرەتای كتێبەكەشدا نووسراوە لەكۆبوونەوەیەكی رۆژنامەنووسیدا سەبارەت بەو كتێبە (لەنووسینگەی مام جەلال لەتاران) نازم دەباغ نوێنەر یەكێتی لەئێران لەسەرزاری تاڵەبانییەوە وتوویەتی "پێشكەشە بەهەموو مێژوونووسانو نووسەرانی مێژوو كە بەڕاستیو دروستیو سەداقەتەوە مێژوو وەك خۆی دەگێڕنەوە".
كتێبەكە د. كەمال فوئاد، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرپەرشتی كردووەو لەسەری نووسیوە، پێشتر بەزمانی فارسی بڵاوكراوەتەوەو سێ جار چاپكراوە، بڕیارە بەم زووانە چاپی كوردیی بكەوێتە بەردەستی خوێنەران كە لەلایەن دامەزراوەیەكی لوبنانییەوە بەتیراژی (5) هەزارو (500) دانە چاپدەكرێتو نرخەكەی (30) هەزار دیناری عێراقییە.