http://www.hawlati.co/%d9%82%d8%a7%d9%86%d8%b9%db%8c-%d9%81%db%95%d8%b1%d8%af-%d8%a8%db%8e%d8%ac%da%af%db%95-%d9%84%db%95%d8%a8%db%95%d8%b1%d9%87%db%95%d9%85-%d8%b3%d8%a7%da%b5%d8%ad%d8%9b-%d8%b9%d8%a7%d8%af%d9%84-%d9%85/

عیرفان قانعی فەرد، پێیوایە لەنێوان بەرهەم ساڵح و عادل مراد و عەدنان موفتی یەكێكیان دەتوانێت جێگەی تاڵەبانی لە بەغدا بگرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەكات بارزانی بەسادەی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم نابێت.

عیرفان قانعی فەرد، نووسەری كتێبی “دوای 60 ساڵ” “بیرەوەریەكانی جەلال تاڵەبانی” لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پەیامنێری سیاسی دەرەوەی هەواڵگری خوێندكارانی ئێران (ایسنا) كە كۆپیەكی بەكوردی بۆ سایتی هاوڵاتی ناردووە، خوێندنەوەی بۆ بارودۆخی یەكێتی بەتایبەتی‌و هەرێمی كوردستان بەگشتی كردوە‌و لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستەكەی تاڵەبانی لەبەغدا  دەڵێت “هیچ یەك لەوانەی بۆ جێگرەوەی جەلال تاڵەبانی وەكو سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن یەكێتیەوە دەناسرێن وەكو تاڵەبانی دەوروبەریان زۆر نیە. بەڵكو كاریزما و رابووردووی مام جەلال ئەم پلە وپایەی بە كورسی سەرۆك كۆماری داوە جێگرێكی شایستە و لێهاتوو بۆ شوێنی ئەو سەخت و ئاستەمە”.

قانعی فەرد لە بارەی بەرهەم ساڵحەوە پێیوایە “كێشەی شەخصی لە ناو حیزبەكەی هەیە‌و كەسی گونجاوتر لە ئەو هەن كە رابووردو و ناسنامەی پێشمەرگایەتی یان هەیە وەكو عادل مراد و عەدنان موفتی”.

لەگەڵ ئەوەشدا رونیكردوەتەوە بەرهەم ساڵح یەكێكە لە “تواناكانی لاو گەنج و كارگێر و میانرەوە كە دەتوانین ئەو وەكو خوێندكاری مەكتەبی تاڵەبانی بناسین.”

قانعی فەرد پێشبینی دەكات كورد یەكێك لە عادل موراد و عەدنان موفتی و بەرهەم ساڵح دەنێرێتە بەغدا بۆ جێگەكەی تاڵەبانی.

لە وەڵامی ئەوەی بە گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی بۆ عێراق ئایا توانای بەردەوام بوونی سەرۆك كۆماری دەبێت، نوسەری بیرەوەرییەكانی تاڵەبانی دەڵێت “بەو ناسینەی بەندە كە مام جەلال دەناسم ئەو نەماندوو بوون دەناسێت نەپیری و هەموو ژیانی لە جوڵەدایە، مام جەلال لە سەرەتاوە كەسایەتی چالاك و جۆڵاوە بووە و بە گومانم ئەو جموجۆڵەی لە ژیانی دا هەیە لە ئیش و كاریشدا هەیەتی. بەڵام گروپی پزیشكی نوسخەیەكی بۆ بنووسن و دەزانم ئیرادەی پێشمەرگەی پیر لە جەلتەی مێشك بەهێزترە تاكو ئەو لەپێ بخات هەڵبەتە هەمیشە خۆی باوەڕی وایە شكستیش شكست دەدات .”

رایشیگەیاندوە تاڵەبانی بۆ پاراستنی هاوسەنگی هانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانداوە نەرم و نیانی نیشانبدات بە خواستەكانی حكومەتی ناوەندی عێراق.

فەرد، باوەڕی وایە تاڵەبانی “توشی سەرسوڕمان و غرور نەبووە هەرگیز دەستی بۆ فێڵ كردن و هەڵخەڵەتاندن نەبردووە كە بیەوێت كارتی كوردستان دژی حكومەتی ناوەندی بەكاربێنێت و یا بەجۆرێك بەناوی كورد و كوردستان بازرگانی بكات بەڵكو سەربەخۆیی كوردەكان و دامەزراندنی كوردستانی گەورە وەكو خەیاڵێكی شاعیرانە و سیاسەتی مناڵانەی زانیوە” .

قانعیی فەرد تێروانینی خۆی لەبارەی پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە خستوەتەڕوو، ئاماژەی بەوەكردوە  سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان “دەبێت خاوەنی ئەقڵ و تێڕوانین و بیری نوێ و بە فیكرو ئایدۆلۆژیای بەهێز بە بزوتنەوەی سیاسی، كۆمەڵایەتی كوردەكان بەهێز و بەردەوام بێت و لە ژێر دەسەڵاتی یەك عەشیرەت یا قەومی نەخوێندەوار ئازاد بكات و پارتی سیاسی مانا و بیری ڕاست و دروستی هەبێت و هاومەرزی وەكو ووڵاتی دراوسێی ئێران و حكومەتی ناوەندی عێراقی هەبێت” .

قانعی فەرد پێیباشە كەسانێكی وەكو “نەوشیروان مستەفا و محەمەدی حاجی مەحمود” خۆیان كاندید بكەن‌و هەرچەندە باوەڕی وایە  بارزانی بەم سادەیە پۆستەكەی بەجێ‌ ناهێڵێت”.

دەڵێت “بە هەموو شتێك هەوڵ دەدات سەلەفیەكان پشتیوانی لێ بكەن و فتوایان داوە كە جێگرتنەوەی ئەو حەرامە یا چەند ئیمامی نوێژی هەینی لە بادینان و هەولێر لە ساڵی (2010 ) فتوایان دا رابەری ئایینی ئێمە بارزانییە و رەخنەگرتن لەو گوناە و حەرامە”.